بەهۆی هەورەبروسکەوە شوانێکی 14 ساڵ گیانی لەدەستدا

١٠ حوزەیرانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی ڕایگەیاند، لە سنووری گەرمیان بەهۆی هەورەبرووسکەوە شوانێکی 14 ساڵ گیانی لەدەستدا.

سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، کاتژمێر 7:00 کەسێکیان هێنایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەستدابوو. ئەو کەسە ناوی شێرکۆ نوعمانە، تەمەنی 14 ساڵە و خەڵکی ناوچەی داوودەیە لە کفری".

ئاماژەی بەوەش کرد، بە وتەی کەسوکارەکەی، ئەو کوڕە پیشەی شوانییە، لە ماڵ دەرچووە و ڕۆیشتووە بۆلای ئاژەڵەکانی، کە هەر لەنزیک ماڵی خۆیانە، لەوێ هەورەبرووسکە لێیداوە و گیانی لەدەستداوە.

سامان سەرتیپ ئەوەشی خستەڕوو، بۆ توێکاریی زیاتر، تەرمی ئەو کوڕە 14 ساڵە دەبرێتە دادپزیشکی کەلار.