لەگەڵ ئێمباپێ و یاریزانە لاوەکان، ئایا ڕیاڵ مەدرید باشترین تیپە لە جیهاندا؟

٤ حوزەیرانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بەردەوامە لە دروستکردنی تیپێک بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش بۆ یانەی شاهانە ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاند کە کیلیان ئێمباپێ گەیشتووەتە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە یەکێک بوو لە گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکان.

هاتنی کاپتنی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، لەگەڵ چەندین ئەستێرەی گەنجی دیکە کە لە ڕیزەکانی مێرینگودا ئامادەن، ڕیاڵ مەدرید، دەتوانێت لە ئێستاوە ئامادەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خولی ئیسپانیا لە ساڵانی داهاتوو، بە کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانا وەک جود بێلینگهام، ڤینیسیۆس جونیۆر، کاماڤێنگا، ئاردا گولەر، ئیبراهیم دیاز و رۆدریگۆ، ئەمەش دەبێتە هۆی کردنەوەی سەردەمێکی نوێی سەرکەوتن بۆ یانەی شاهانە، کە بەدرێژایی مێژوو ئەستێرەکانی تۆپی پێ گەنجینەی یانەکەیان دەوڵەمەند کردووە.

ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: یاریزانە باشەکان دەبێت بزانن چۆن پێکەوە یاری بکەن، گرنگ ئەوەیە هاوسەنگی بپارێزرێت.

بەڵام لە مەدرید زۆر کەس لەبیریانە کە بەهرە گەرەنتی و مەرج نیە بۆ بردنەوەی نازناوەکان، بۆ نمونە سەردەمی ئەستێرەکانی وەک زیدان، ڤیگۆ و رۆناڵدۆ سەرکەوتنی چاوەڕوانکراویان بەدەست نەهێنا.

چۆن ڕیاڵ مەدرید یاری بە ئێمباپێ دەکات

لەگەڵ هاتنی ئێمباپێدا، ئەو پرسیارەی کە هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید لە خۆیانی دەپرسن ئەوەیە: ئایا وەرزی داهاتوو چۆن تیپی کارلۆ ئەنچیلۆتی یاری دەکات؟

تەکنیکاری ئیتاڵی دەتوانێت پشت بە شێوازی یاریکردنی 4-4-2 ببەستێت بۆنمونە کۆرتوا گۆڵپارێز، بەرگریکاران کارڤاخال، میلیتاو، ڕۆدگێر و میندی، لە ناوەڕاست چوامێنی، کاماڤینگا، ڤاڵڤێردی و بێلینگهام، هێرشبەر ئێمباپێ و ڤینیسیۆس.