هۆکارەکانی سەرگێژخواردن لە دوایی ڕۆژووشکاندن

٢٠ نيسانی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

لە مانگی ڕەمەزاندا زۆر کەس لە دوایی ڕۆژووشکاندن هەست بە گێژبوونە بێهێزی دەکەن، چۆن دەتوانرێ کەسێک خۆی لەم حاڵەتە بە دووربگرێت؟

سەرگێژخواردن و بێهێزی ڕاستەوخۆی دوایی خواردنی نانی ئێوارە لە مانگی ڕەمەزاندا لە ئەنجامی چەندین هۆکاردا ڕوودەدات، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەهۆی نزمی پەستانی خوێن دروست دەبێت. 

ئەم حاڵەتە مەترسی تەندروستی دروست دەکات ئەگەر پشتگوێ بخرێت و چارەسەر نەکرێت، چونکە نزمی پەستانی خوێن بەتایبەتی دوایی نانخواردن دەبێتە هۆی بوورانەوە و مەترسی ڕوودانی جەڵتە زیاد دەکات. 

بە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە ونەبوونی خوێنی پێویست بۆ مێشک ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی تەندروستی گەورە، بۆیە دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و پشتگوێ نەخرێت. 

هۆکار زۆرە بۆ سەرگێژخواردن دوایی نانی ئێوارە لە ڕەمەزاندا لەوانە، نزمی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەکرە، خواردنەوەی کافایین، وشکبوونەوەی جەستە و نەخۆشی تر وەک ( نەخۆشییەکانی دڵ، هەوکردن یان تا، کەم خوێنی و خوێنبەربوونی ناوەکی ). 

بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە پێویستە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بکرێت: 

یەکەم: پێش نانخواردن کوپێک یان دوو کوپ ئاو بخورێتەوە. 

دووەم: کەم خواردنی ئەو خواردنانەی کاربۆهیدراتیان تێدایە، چونکە گەدە بە خێرایی هەرسیان دەکات و دەبێتە هۆی بێهێزی. 

سێیەم: خواردنی ژەمەکە بە هێواشی و ڕێژەی پێویست بۆ تێربوون. 

چوارەم: بۆ خۆ بەدوور گرتن لە وشکبوونەوەی جەستە، پێویستە شلەمەنیەکان زۆر بخورێنەوە و لە ١٠ کوپ ئاو کەمتر نەخورێتەوە. 

پێنجەم: خۆ بەدوور گرتن لە کافایین و کەم بەکارهێنانی خوێی چێشت.