١٥ ئایاری ٢٠٢٤
وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، شەوى رابردوو ئەو شۆفێرەیان دەستگیرکردووە "کە هۆکارى وەرگەڕانى ئەو مینى پاسەى خوێندکاران بوو" کە دوێنێ لە ڕێگەى کەلار - کفرى وەرگەڕا.
سامان عەلى، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی گەرمیان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "شەوی رابردوو بەفەرمانی دادوەر ئەو شۆفێرە دەستگیرکرا، کە ھۆکاری وەرگەڕانی مینی پاسەکەی دوێنێی خوێندکاران بوو".
وتیشی، دەستگیرکردنى ئەو شۆفێرە لەسەر سکاڵاى بەشى پۆلیسى نەخۆشخانە بووە و بەپێى لێدوانى شایەتحاڵەکان، ئەو ئۆتۆمبێلە چەند جارێک دەستى شکاندووەتە سەر مینى پاسەکە.
سامان عەلی ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا نەگەیشتوون بە ئەنجام کە چ شتێک هۆکارى ڕووداوەکە بووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
دوێنێ سێشەممە لەسەر ڕێگەى کەلار - کفرى مینى پاسێک کە ژمارەیەک خوێندکاری خوێندنگەیەکی کەلارى هەڵگرتبوو، وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار خوێندکارى کچ گیانیان لەدەستدا و مامۆستایەک و شۆفێرى مینى پاسەکە و پێنج خوێندکاری دیکەش بریندار بوون.
