سەرۆکی زانکۆی زاخۆ: هیچ ڕێگرییەک لەو کچانە نەکراوە کە نیقابیان پۆشیوە

١٢ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆكایەتی زانكۆی زاخۆ لەبارەی قەدەغەكردنی "نیقاب" لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند، "وەک دیارە زانكۆی ئێمە یەكێكە لەو زانكۆیانەی كەوا هەر زوو بەشی خوێندنی ئیسلامیی كردەوە و تا ئێستاش خوێندن لەو بەشە بەردەوامە، هەروەها زانكۆی ئێمە لەو زانكۆیانەیە كەوا تا ئێستا بڕیاری قەدەغەكردنی نیقابی لێ نەدراوە".
نازم جقسی، سەرۆکی زانکۆی زاخۆ لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەک بڕوابوون بە ئازادییە کەسییەکان، هیچ ڕێگریێک لە دەوامکردنی ئەو قوتابییانە نەکراوە کە نیقاب دەپۆشن".
وتیشی: "ئەمڕۆ هەندێک قوتابی وتوویانە گوایە لیژنەی ئەزموونەکان ڕێگری لێکردوون و نەیانهێشتووە تاقیکردنەوە بکەن، بەڵام ئەو کچانە نەیانهێشتووە مامۆستا ئافرەتەکانیش بیانپشکنن، ئەگەرنا ڕێگری لە ئەوانی دیکە نەکراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چەند کچێک بە میدیاکانیان ڕاگەیاند، بەهۆی پۆشینی نیقابەوە ڕێگرییان لێکراوە بچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە لە زانکۆی زاخۆ.