هەندێک زانیـاری دەگمەن دەربـارەی نیاندرتاڵەکان

١١ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

یەکەم، نیاندرتاڵەکان ژمارەیان زۆر کەم بووە:

کە باس لە جۆرەکانی مرۆڤی کۆن دەکرێت زۆربەمان وادەزانین ئەوانیش بە ژمارەیەکی زۆر و بە بەربڵاوی ژیاون لە زۆربەی ناوچەکان وەکو ئێمە بەڵام وانەبووە، بۆ نمونە بەپێی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە بە بەکارهێنانی mtDNA دەردەکەوێت لە باشترین کاتدا ژمارەی هەموو نیاندرتالەکان لەهەموو شوێنەکان بەیەکەوە لەهەموو جیهان لە 25 هەزار کەس زیاتر نەبووە، ئەگەر کەرەستە دۆزراوەکانیشیان بکرێتە پێوەر بۆ ژمارەی ئەوان ئەوا ژمارەی ئەوان لە 70 هەزار تێنەپەڕیوە لە باشترین دۆخدا، بەر لە 52 هەزار ساڵیش ژمارەیان بەخێرایی دەستی بە کەمبوونەوە کردوە تاوەکو بەر لە 40 هەزار ساڵ بەتەواوی قڕبوون لەهەموو ئەو شوێنانەی پێشتر لێیان دەژیان...

دووەم، مێشکی نیاندرتاڵەکان لە مێشکی ئێمەی هۆمۆسێیپیانەکان گەورەتر بووە:

لەبەر ئەوەی بە کێش و قەبارە نیاندرتالەکان هەندێک لە هۆمۆسێیپیانەکان گەورەتر بوون ئەوە ئاساییە، بەڵام ئەگەر تەنیا بەپێی پێوەری قەبارەی مێشکیان بووایە دەبووایە لە ئێمە زیرەکتر و سەرکەوتووتریش بوونایە، لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە دەڵێن ڕەنگە بەشێکی گەورە لە مێشکی مرۆڤی نیاندرتاڵ بۆ بینین تەرخان بووبێت و ئەوان چاویان تیژتر بووبێت لەهۆمۆ سێیپانەکان، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوان بەشە هەرە زۆرەکەی مێشکی هۆمۆسێیپیانەکان بۆ بیرکردنەوە و بەراوردی کردن و سۆزداری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەکارهاتووە...

سێیەم، نیاندرتاڵەکان دڕندە و بێ بەزەیی نەبوون بەو شێوەیەی پێشتر وێنا دەکرا:

لە کتێبەکان و بڵاوکراوەکان کە دەگەڕێنەوە بۆ دەیەها ساڵ پێش ئێستا مرۆڤی نیاندرتاڵ بە بونەوەرێکی دڕندە و خۆخۆر ناوزەد دەکرا، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی 25 ساڵی ڕابردو بەتایبەتی ئەو زانیاریە نوێیانەی کە تیمەکەی کامبریدج لە شانەدەر دەستیان کەوت پێمان دەڵێن کە نیاندرتاڵەکان بەزەییان هەبووە بۆ یەکتر و ئاگایان لە بریندارەکان و پەککەوتەکانی خۆیان بووە، مردوەکانیشیان ناشتوە و ئەوەش دور نیە ئاماژەیەک بووبێت بە هەبوونی هزری ئایینی و بڕوا بە زیندووبونەوە و ژیانەوە دوای مردن...

چوارەم، ژیانێکی زۆر سەختیان هەبووە:

نیاندرتاڵەکان ژیانێکی سەخت و دژوار و پڕ مەترسیشیان هەبووە لەبەر کەمی خۆراکە ڕووەکیەکان لەسەردەمەکانی ئەواندا بەهۆی ساردی زۆر و چەرخە بەستەڵەکەکانی هەسارەی زەوی و هەروەها بەردەوام مەترسی ئاژەڵە دڕندەکانیان لەسەر بووە لەبەر زۆری ژمارەی ئەو ئاژەڵانە و بەربڵاوی هەبوونی ئەو ئاژەڵانە لەو کاتەدا، گورگ و کەمتیار و پڵنگەکان لەهەموو ئەو شوێنانە زۆربوون کە نیاندرتاڵەکانی لێ دەژیا...

وێنەکە هی دەم وچاوی دوبارە دروستکراوەی پیاوە نیاندرتاڵ Krijn ە کە بەر لە نزیکەی 70 هەزار ساڵ ژیاوە و ئێستا لە مۆزەخانەی Rijksmuseum.van.Oudheden لە شاری Lieden لە هۆڵەندا خراوەتە ڕوو، بەشێکی پەیکەرەکەی Kirjn لە ناوچەی Doggerland دۆزراوە کە ئەوکاتە بەستەڵەک بووە لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا وئێستا بەشێکە لە وڵاتی هۆڵەندا، لەبەر گەرمبوونی هەسارەی زەوی ئێستا زۆربەی شوێنەکە بە ئاو داپۆشراوە...