٩ ئایاری ٢٠٢٤
مۆلەر، یاریزانی یانەی بایرن میونشن لە لێدوانێکیدا، ڕەخنەی توندی ئاڕستەی سیمۆن مارچینیاکی ناوبژیوانی یارییەکەی نێوان یانەکەی بەرامبەر ڕیاڵ لە چامپیۆنزلیگ کرد.
تۆماس مۆلەر، یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی دوای یارییەکە ڕایگەیاند: "یاریکردن بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید هەمیشە زۆر سەیرە. بەداخەوە زۆرجار ئەمە لە مەدرید ڕوودەدات. لە ڕاستیدا لە ساڵی 2017دا هەمانشت ڕویدا و ئەمڕۆ دووبارە بویەوە، کاتێک کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دوو گۆڵی بۆ مەدرید تۆمارکرد بەهۆی هەڵەی ناوبژیوان".
ئاماژەی بەوەشکرد: "من وەک یاریزانێک پێم وایە ئیدارەدانی یارییەکە لەلای ناوبژیوانان خراپ بوو، چونکە سەیری تەکنەلۆجیای ڤیدیۆی نەکرد، تەنانەت دەرفەتی نەدا بەخۆشی، بەڵام بەپێچەوانەوە هەر بەردەوام بوو".
یانەی ڕیاڵ مەدرید سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای بردنەوەی لە میوانەکەی بایرن میونشن، بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
هاوکات، یاریزانانی بایرن میونشن ناڕەزایەتییەکی زۆریان دەربڕی بەرامبەر بە ئاماژەکردن بە ئۆفسایدبوونی گۆڵێک بۆ تیپەکە پێش تەواوکردنی یارییەکە، چونکە گۆڵێکی ماتیاس دی لیختی هۆڵەندی لە بەرژەوەندی یانە باڤاریەکە هەژمار نەکرد.
بڕیارە یاری کۆتایی چامپیونزلیگ لە نێوان ڕیاڵ مەدرید و بروسیا دۆرتمۆند بەڕێوەبچێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لە یاریگای بەناوبانگی وێمبڵی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.