ئەو ژنەی 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر ژییاوە

٢ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریدج و لیڤەرپول، وێنەی ڕووخساری ژنێکیان دروستکردووەتەوە، کە بەپێی مەزەندەکان نزیکەی 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر لە پارێزگای هەولێر ژییاوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەی زاناکانی ئەو دوو زانکۆیە، ئەو ژنە یەکێک بووە لە "نیاندەرتاڵەکان" و لە ناوەڕاستی چلەکانی تەمەنیدا، مردووە.

بەهۆی ئەوەی ئێسکەکە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، زاناکان هەر ناوی ئەشکەوتەکەیان لە ژنەکە ناوە و ناساندوویانە بە "شانەدەر Z". جێی باسە، ئێسکی "شانەدەر Z" لە ساڵی 2018ـدا دۆزراوەتەوە و لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، توانییان بە ئامێر و تەکنەلۆجیای تایبەت، ڕووخساری دروستبکەنەوە.

بەوتەی زاناکان، سەرەتا و لەکاتی دۆزینەوەی ئێسکەکەدا، نەیانتوانیوە ڕەگەزەکەی دیاریبکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تەنیا نیوەی سەرەوەی کەللەی سەرەکەی پارێزراو بووە و ئێسکی حەوزیان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام پاش پڕۆسەی کۆکردنەوەی پارچە ئێسکەکان و لێکۆڵینەوە و دروستکردنەوەی ڕووخساری، کە نزیکەی نۆ مانگی خایاندووە، ڕەگەزەکەیان دەستنیشان کردووە.

زاناکان بۆیان دەرکەوتووە، باڵای "شانەدەر Z"، نزیکەی پێنج پێ بووە، کە دەکاتە نزیکەی مەتر و نیوێک.

لەبارەی هۆکاری مردنەکەی، زاناکان دەڵێن، لە ئێسکی کەللەی سەریدا دیارە کە زەبرێکی گەورەی بەرکەوتووە کە ڕەنگە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردێکی گەورە بووبێت لە سەرەوەی ئەشكەوتەکەوە، بەسەر سەریدا.

جێی باسە، پاش دۆزینەوەی ئێسکی ئەم ژنە و دروستکردنەوەی ڕووخساری، تۆڕی نێتفلیکس کاری بەرهەمهێنانی زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنیی بۆ کردووە لەژێر ناونیشانی "نهێنییەکانی نیاندەرتاڵەکان" و ڕۆژی 2ـی مانگی 5، یەکەم ئەڵقەی زنجیرەکە پەخشکرا.