ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیە بۆ فرۆشتنی ئۆبلاک

٢ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی ئامادەیە دەستبەرداری گۆڵپارێزەکەی بێت لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید پلانی هەیە لە هاوینی داهاتوودا ژمارەیەک گرێبەست ئەنجام بدات بۆیە دەیەوێت چەند یاریزانێکی بفرۆشێت یەکێک لە وانە یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بیرۆکەی ئیدارەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ ڕزگاربوونە لەو مووچە زۆرەی لە یانەکەدا هەیە، ئۆبلاکیش یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین مووچەی هەیە، بەو پێیەی ساڵانە 10 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

ڕونیشی کردووەتەوە، ئۆبلاک هاوینی ڕابردوو ئۆفەرێکی گەورەی لە سعودیە وەرگرتووە، بەڵام ئامادەنەبوو لە یانە ئیسپانیەکە بڕوات، بەڵام ئامادەیە بچێتە خولی ئینگلیزی.

هاوکات، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید ئامانجی گواستنەوەی مامەرداشڤیلی جۆرجیاییە کە گۆڵپارێزی یانەی ڤالێنسیایە بۆ جێگرتنەوەی ئۆبلاک کردووەتە ئامانج.

یان ئۆبلاک تا هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید هەیە، گرێبەستەکەی بە 120 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.

ئۆبلاک بەشداری 441 یاری لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید کردووە لە ڕکابەرییە جیاوازەکاندا، ماوەی 9 وەرزە لەگەڵیان بەردەوامە، هەروەها سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا، جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی سوپەری ئەوروپا و خولی ئەوروپا.