عێراق دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی پێنج کرد

٢ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

فەرمانگەی ژمێرکارى لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی شارستانی و سەربازی کرا.

فەرمانگەی ژمێرکارى لە وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی ئایاری 2024، دەستکراوە دابەشکردنى مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی ئایار و رێوشوێنەکانی پێدانی مووچە لەلایەن دەستەی خانەنشینان و بانکەکانی رافیدەین و رەشید، لەڕێگەی کارتی زیرەکەوە".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوەش کراوە: "ئەو خانەنشینانەی نامەیان پێدەگات لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە، دەتوانن سەردانی لقی بانکەکان و دەروازەکانی خەرجکردن بکەن لە بەغدا و تەواوی پارێزگاکان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان".

ئەمە لەکاتێکدایە، تائێستا کە لە سەرەتای مانگی پێنجداین، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە، ئەمە جگە لەوەی تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، چارەنووسی مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆران بە نادیاری ماوەتەوە.