کۆمسیۆن لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە بڕیاریدا

٢ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە فەرمی هیچ بڕیارێک لەبارەی راگرتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و کۆمیسیۆن بەردەوامە لە کارەکانی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان بەردەوامە و بە فەرمی هیچ بڕیارێک لەبارەی راگرتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و کۆمیسیۆن بەردەوامە لە کارەکانی".

وتیشی، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سیاسی نییە و کارە هونەرییەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ دەکات.

سەبارەت بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان، غەلای رایگەیاند: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەسەر پێنج نموونە رەزامەندیی داوە. کاردەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چاپبکرێن"، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی کاغەزی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تائێستا "چاپ نەکراون".