سوپرایزێک سەبارەت بە داهاتووی کلۆپ

١ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئینگلتەرا سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراوی سەبارەت بە داهاتووی یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی و ڕاهێنەری لیڤەرپول ئاشکرا کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی، لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، یۆرگن کلۆپ ئەگەری گەڕانەوەی هەیە بۆ ڕاهێنەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدین تێرزیچ ڕاهێنەری ئێستای دۆرتمۆند فشارێکی زۆری لەسەرە، ئەگەری ڕۆیشتنیشی هەیە بەهۆی خراپی ئەنجامەکانی لە خولی ئەڵمانیا، سەرەڕای ئەوەی تیپەکەی سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ .

گرێبەستەکەی تێرزیچ لەگەڵ دۆرتمۆند لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا تەواودەبێت، ئەمەش لەگەڵ ئەوەدا یەکدەگرێتەوە کە کلۆپ کاری داهاتووی دیاری کردبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کلۆپ دوای ڕاگەیاندنی ڕۆشتنی لە یانە ئینگلیزییەکە ئاشکرایکرد کە وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی هیچ تیپێک ناکات و لانیکەم بۆ وەرزێک پشوو دەدات.

کلۆپ هەرچەندە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕایگەیاند کە ئەم وەرزە دوا وەرزی دەبێت لە ئەنفێڵد، بەڵام ڕەنگە لە ساڵی 2025 بگەڕێتەوە بۆ ڕاهێنەرایەتی دۆرتمۆند دوای کۆتاییهاتنی ئەو پشووەی کە ڕایدەگەیەنێت.

کلۆپ لە ماوەی نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2015 بۆ ماوەی 7 ساڵ ڕاهێنەری یانەی دۆرتمۆند بووە، لەگەڵ تیپەکەش دووجار نازناوی خولەکەی بەدەستهێناوە، هەروەها جامی ئەڵمانی جارێک و دووجار جامی سوپەری ئەڵمانیا و سەرکردایەتی تیپەکەی کرد بۆ ئەوەی لە ساڵی 2013 بگاتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ .