نوێترین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی وانەبێژانەوە

١ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ڕایگەیاند، دەستەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە بەغدان بە مەبەستی چاودێریکردنی بەرەوپێشچونی کەیسی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.

کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دەستەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد، بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری و پشتیوانیی وەزارەتی دارایی عێراق و پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی عێراق و پەرلەمانتارانی دیکە سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان".

وتیشی: " لەهەوڵداین سبەی پێنج شەممە لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق کۆبینەوە ".

نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کۆبوونەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون: "هەموو داتا و زانیاریی وانەبێژانمان بە نووسراو و سیڤی بە زمانی عەرەبی بەشێوەی گرێبەست ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقمان کردووە بۆ تەرخانکردنی دارایی پێویست لەلایەن حکومەتی ناوەند بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستبکات بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست، لەئێستادا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی حکومەتی فیدراڵن".

جێی باسە، لە هەرێم 37 هەزار و 740 وانەبێژ هەیە، پێویستیی تەرخانکردنی دارایی بۆ گرێبەستبوونیان، زیاتر لە 18 ملیار دیناری مانگانەی پێویستە .