عێراق دەرچووانی ئەم بەشەی هەرێم دادەمەزرێنێت

١ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دەرگای دامەزراندن بۆ دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگە پزیشكی و تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و داوادەكات ئەوانەی دەیانەوێت دابمەزرێن فۆڕم پڕبكەنەوە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا داوا لە دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگە پزیشكی و تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی فۆڕمی ئەلكترۆنییەوە داواكاری پێشكەشبكەن بۆ دامەزراندن لە كەرتی تەندروستیی عێراق.

هاوكات ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق داوا لە خوازیارانی ئەو بەشە پزیشكییانەی هەرێم دەكات كە دەرچووی 2022 بۆ 2023ـن، فۆڕمی دامەزراندن پێشكەشبكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، فۆڕمەكە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی بە كراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ناوتۆماركردن.

پێشتر تەندروستیی عێراق ڕایگەیاندبوو، كەرتی تەندروستی پێویستی بە پێنج هەزار پزیشك و 10 هەزار پەرستار و كارمەندی تاقیگە هەیە.