ئایا یاسای دژ بە هاوڕەگەزخوازان لە هەرێم کارادەبێت؟

١ ئایاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازانی تێدا بە تاوان دەکرێت و ئەگەری سزای زیندانیکردنی بۆ 15 ساڵ هەیە؛ لەمبارەیەوە لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران دەڵێت، ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان تەنیا کاتێک کاری پێدەکرێت، ئەگەر پەرلەمانی داهاتووی هەرێم پەسەندیبکات.

ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "ئەو پرۆژەیاسایانەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەنددەکرێن لە کوردستان جێبەجێناکرێن، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سەربەخۆیە و خاوەنی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی خۆیەتی".

وتیشی: "بەپێی دەستور لە ماددەی 117ـدا هاتووە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپێدانراوە، هەربۆیە ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەنددەکرێن، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئێستا حاڵی حازر هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، بۆیە لە دادگاکان ئەو پرۆژەیاسایەی کە دەرچووە کاریان پێناکرێت، کاتێک کاریان پێدەکرێت کە پەرلەمانی نوێ یاساکە بەپێویست بزانێت و دانیشتنی لەسەر بکات و پەسەندی بکات".

بەپێی هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، ژمارە 8ی ساڵی 1988، کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندیکرد، جگە لە وشەی "لەشفرۆشی"، وشەی "هاوڕەگەزخوازی" لە یاساکە زیادکراوە، پێناسەکراوە بە "ئەو پەیوەندییە سێکسییەی کە لەنێوان دوو کەسی یەک ڕەگەز ئەنجامدەدرێت، یاخود گۆڕینی هاوسەران یان دەڵاڵی لەو بوارەدا یاخود بەکارهێنانی شوێنێک بۆ کاری لەشفرۆشی".

لە یاساکەدا هاوڕەگەزخوازی بە "تاوان" دانراوە و هەر کەسێک پەیوەندییەک دروستبکات کە بچێتە چوارچێوەی "لادانی سێکسی"، سزادەدرێت و سزاکەشی لە حەوت ساڵ کەمتر نییە و بە پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری عێراقی کەمترنییە.

هەر کەسێکیش ڕەگەزى خۆى بگۆڕێت، لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزادەدرێت و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەرییەکەشی بۆ کردووە، هەمان سزا دەیگرێتەوە.

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد بۆ بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەزگۆڕین و سزای 10-15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیاریکرد. پەرلەمانی عێراق بڕیارەکەی لە یاسای "ڕووبوونەوەی لەشفرۆشی" کە ماوەی 36 ساڵە کاری پێدەکرێت، جێکردەوە و بە دەنگی 170 پەرلەمانتار پەسەندکرا.