وەزیری پەروەردە: لیستی مامۆستایانی وانەبێژمان گەیاندە سوودانی

٣٠ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئالان حەمە سەعید ڕایگەیاند، لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستانمان گەیاندە محەمەد شیاع سوودانی.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەێکەری هەریمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە 30-4-2024، لە بەغداد، سەردانی محەمەد شیاع سودانی کردووە و لەسەرچەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆیان کردووە.

باسی لەوەشکردووە:”لە کۆبوونەوەکەدا نوسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم پێگەیاند سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لەپشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی عێراق – چین کەهەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرلەنوێ نوسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بەمەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ .

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.