ڕودیگەر پەیامێکی بۆ ئێمباپێ نارد

٣٠ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕودیگەری یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی کیلیان ئێمباپێ یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان کرد لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

ئەنتۆنیۆ ڕودیگەر یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەگەر لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ ڕووبەڕووی ئێمباپێ ببمەوە، ئەوا شکستی پێدەهێنم".

ئاماژەی بەوەشکرد: "باشترین بەرگریکاری جیهان سێرجیۆ ڕامۆسە، دەبێت ڕێز لە ئەفسانە بگرین، هەروەها پیپی و تیاگۆ سیلڤاش هەن".

هاوکات، سەبارەت بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی فەڕەنسی وتی: "بەدڵنیاییەوە ئەوە زێدانە زێدان".

سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ڕیاڵ مەدرید، دووپاتی کردەوە کە لەم ساتەدا هیچ شتێکی فەرمی نییە، بەڵام باشترین یاریزانەکانی مێژوو بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید یارییان کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕیاڵ مەدرید ڕووبەڕووی بایرن میونشن دەبێتەوە، لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا، لە یاری چونی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە کاتژمێر 10ی شەو بەکاتی هەولێر.

ڕیاڵ مەدرید بە کۆکردنەوەی 84 خاڵ لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ئیسپانیایە و بە 11 خاڵ لە بارسێلۆنا دووەرە کە لە پلەی دووەمدایە.