نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر: دادگای فیدراڵی ڕاستکردنەوەیەک لەبارەی بە بانکیکردنی مووچە دەردەکات

٢٩ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

جێگری بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری ھەرێم ڕایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا دادگای فیدراڵی ڕاستکردنەوەیەک دەردەکات لەبارەی پڕۆسەی بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانەوە.

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری ھەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە، دادگای فیدراڵی لەم ھەفتەیەدا ڕاستکردنەوەیەک دەردەکات بۆ پشتڕاستکرنەوەی ئەوەی کە ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەمان مافیان ھەیە وەک ھەموو عێراقییەکان لە پرۆژەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچە.

نوسیویشیەتی، وەک چۆن مووچەخۆرانی حکومەتی فیدراڵی بانکی دڵخوازی خۆیان ھەڵدەبژێرن لە لیستی بانکە بەسەندکراوەکان، مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھەمان مافیان ھەیە.

بەوتەی عەزیز ئەحمەد، ھەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی پێدرابێت و مەرجەکانی "ھەژماری من"ـی تێدابێت، دەتوانێت ھەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دروستبکات.