هەڕەشە لەسەر وەستاندنی چالاکیی تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە

٢٩ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا نزیکە لە ڕووبەروو بوونەوەی بە سزایەکی بەهێز، کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا لە ماوەی داهاتوودا، لەلایەن فیفا و هاوتا ئەوروپییەکەی، یوفا.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، هەینی داهاتوو دوا وادەیە بۆ یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزش لەسەر بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی ئیسپانیا لەلایەن حکومەتەوە کە لیژنەیەکی بۆ پێکهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا و نێودەوڵەتی پێیان خۆشە بزانن لەسەر چ بنەمایەکی یاسایی ئەم لیژنەیە دەستنیشان کراوە، ئەندامەکانی کێن، هەروەها ئەم لیژنەیە تا چەند بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتەکانی چین.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەگەر ئەنجومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا سەرکەوتوو بێت لە هێنانی بەڵگە و پاساوە پێویستەکان کە پاڵپشتی هەڵوێستەکەی دەکەن لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیەدا، ئەوا دواتر فیدراسیۆنی ئەوروپا و نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ فایلەکە دەکەن دواتر بڕیار دەدەن بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، هەڕەشە لە لایەن یوفا و فیفاوە دروست دەبێت بەشێوەیەک چالاکیی تۆپی پێی ئیسپانیا ڕابگرن و بەم شێوەیە یانەکان لە پاڵەوانێتییە کیشوەری و نێودەوڵەتییەکان بێبەش دەبن.

هاوکات، هەڵبژاردەی ئیسپانیا ڕووبەڕووی سزای دوورخستنەوە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، بۆ یۆرۆی 2024 دەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەموو تیپە ئۆڵۆمپیەکان لە ئۆڵۆمپیادی پاریس لە بەشەکانی پیاوان و ئافرەتان بێبەش دەکەن.

ئەوا جگە لەوەی کە ڕیاڵ مەدرید، بارسێلۆنا و هەموو یانەکانی تر ناتوانن بەشداری لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپا لیگ و جامی جیهانی یانەکان بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەنجومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا بە سەرۆکایەتی خۆسێ مانوێل ڕۆدریگێز ئوریبی تۆمەتبار دەکات بە دەستوەردانی حکومەت لە فیدراسیۆنەکەدا.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) و فیدراسیۆنی ئەوروپا بە هەمان شێوە، هەر جۆرە دەستوەردانێکی حکومەت لە دەسەڵاتی فیدراسیۆنە ناوخۆییەکانی تۆپی پێدا قەدەغە کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فیفا چالاکیی هەر فیدراسیۆنێک ڕابگرێت کە دەستوەردانی حکومەت تێیدا ڕووبدات.