ڕاستی تەقینەوەی ناکۆکی نێوان چاڤی و دیکۆ

٢٩ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

لەم وەرزەی ئێستادا مشتومڕێکی زۆر دروست بوو لەسەر پەیوەندی خراپی نێوان چاڤی ڕاهێنەری بارسێلۆنا لەگەڵ دیکۆی پورتوگالی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە.

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ پێکەوە کارکردن لە نێوان چاڤی و دیکۆ لەو کاتەوە دەستی پێکردووە کە یاریزانە پورتوگالیەکان گەیشتوونەتە بلاوگرانا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چاڤی و دیکۆ لەو ماوەیەی کە پێکەوە یارییان دەکرد هاوڕێ نەبوون، بەڵکو تەنها هاوکار بوون، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرا ئەو دووانە لە ئاستی پلاندانانی تاکتیکی و ئەنجامدانی گرێبەستەکاندا بەریەککەوتنیان هەبێت.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تائێستا بە ئاشکرا هیچ بەریەککەوتنێک لەنێوان چاڤی و دیکۆ ڕووینەداوە، هەروەها کەسانی نزیک لە ڕاهێنەرەکە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەدا بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت.

ڕونیشی کردووەتەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە دیکۆ بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ چاڤی نییە، بەڵام ئەو بە تەواوی دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕاهێنەردا بکات.

هاوکات، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە و ڕافا یوستای جێگرەکەی هەوڵیانداوە چاڤی ڕازی بکەن بۆ گۆڕینی بڕیاری ڕۆیشتنی لە یانەکە و بۆ وەرزێکی تر بەردەوام بێت، بەڵام دیکۆ بەو قسەیە ڕازی نەبوو.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کۆبونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەچوو لە بارەی چارەنوسی چاڤی، ئەوەبوو هەندێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی دژی بەردەوامبوونی چاڤی بوون.