ئەستێرەیەکی بایرن میونشن پێش یارییەکەی ڕیاڵ توشی پێکان بوو

٢٧ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی بایرن میونشنی ئەڵمانی، پێش ئەوەی ڕووبەڕوی یانەی ڕیاڵ مەدرید ببنەوە لە یاری چونی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسان، کۆنراد لایمەری نەمسایی و یاریزانی یانەی بایرن میونشن، لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر ئینتراخت فرانکفۆرت، تووشی پێکانێکی سەخت بوو.

پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕادەیی پێکانەکەی دەستنیشان بکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەگەری بەشداریکردنی لە یارییەکەی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید.

کۆنراد لایمەر، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بایرن میونشن لە خولەکی 28ی یارییەکەدا تووشی پێکان بوو، ئەمەش وایکرد تۆماس توخێل، ڕاهێنەری تیپی باڤاریا ئەو یاریزنانەی بگۆڕێ و پاڤلۆڤیچ وەک یاریزانی یەدەگی کۆنراد بهێنێتە ناو یاریگاوە.

هاوکات، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوو پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانەکە دەکرێت بۆ ئەوەی ڕادەی پێکانەکەی بزانرێت کە تووشی بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە بایرن میونشن، ڕۆژی سێشەممە، 30ی نیسان، لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا، ڕووبەڕووی ڕیاڵ مەدرید ببێتەوە، لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگ.

ئەمڕۆ لە گەڕی 31ی خولی ئەڵمانیدا، بایرن میونشن سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی سێ خاڵ بەبردنەوەی لە یانەی ئەنتراخت فرانکفۆرت، بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک.