٢٧ نيسانی ٢٠٢٤
دایکی فەیروز، ئەو کچەی ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر کوژرا و پێشتر لەلایەن دوو پیاوەوە لە شوقەکانی ئیسکان فڕێدرابووە خوارەوە، ڕایگەیاند، ئەو دوو پیاوە ئازادکردن بە کەفالەت نەیدەگرتنەوە.
نازە فەرهاد، دایکی فەیروز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی کوشتنی کچەکەم دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو دوو کەسەی کە کچەکەمیان لە شوقەکانی ئیسکان فڕدایە خوارەوە و دواتر لە ڕۆژانی ڕابردوو ئازادکران، چونکە کە ئازادکران یەکێکیان ڤیدیۆیان کردووە کە ئازادکراوە و هاوسەری پێشووم ئەم ڤیدیۆیەی بینیبوو، بۆیە توڕە بوو و هەڕەشەی کوشتنی لە من و چوار کچەکەم کرد و وتی یان ئێوە دەکوژم یاخود ئەو دوو کەسە".
فەیروز ئازاد تەمەن 19 ساڵ، کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی 17ی مانگی یازدەی 2023 لە نهۆمی پێنجەمی شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر، لەلایەن دوو کەسەوە فڕیدرایە خوارەوە و دواتر گەیەنرایە نەخۆشخانە. کەسوکارەکەی دەڵێن هۆکاری ڕووداوەکە ئەوە بوو یەکێک لەو دوو پیاوە ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەر و ئەویش بەرگریی کردبوو.
بە پێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر، دوای دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە و لێکۆڵینەوەکانیان، دەرکەوتووە هەردوو تۆمەتبار کە لەگەڵ کچەکە بوون، لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان بوون، کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە و یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئەو کچەی لە شوقەیەکەوە خستووەتە خوارەوە. دواتر ئاسایش کەیسەکەیانی ئاراستەی پۆلیسی هەولێر کرد بۆ کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و ئاراستەکردنی بۆ لای دادوەر.
بە وتەی شاهین نەهرۆ، باوەپیارەی فەیروز، "دادوەر ساڵی ڕابردوو بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستیگرکرد". بەپێی زانیاریەکانیش، دوای ڕووداوی کوشتنەکە، سەر لەنوێ ئەو دوو کەسە بە بڕیاری دادوەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراونەتەوە.
دەشڵێت: "ئێمە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی کوشتندابووین لەگەڵ ئەوانەی کە فەیروزیان کوشت، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش تەنها ئەو دوو کەسەن کە لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە ڤیدیۆی خۆیانیان بڵاوکردووەتەوە کە لە زیندان ئازادکراون. ئیدی نازانین چۆن ئازادکراون و کێ ئازادیکردوون، لەکاتیکدا ئێمە دەزانین بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستیگرکراون و نابێت ئازاد بکرێن".
کوشتنی فەیروز ئازادی تەمەن 19 ساڵ هەفتەی ڕابردوو لە لایەن باوک، برا و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەیەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت دوای ئەوەی دایکی هۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە دوو کەس کە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و هەوڵی کوشتنی دوای پێنج مانگ لە زیندانیکردنیان لە هەولێر ئازادکران.
