٢٧ نيسانی ٢٠٢٤
زانا هۆڵندییەکە پێشبینى دەکات لە 24 کاتژمێرى داهاتودا بومەلەرزەیەکى بەهێز لە دورگەى تایوان و دەوروبەرى ڕووبدات.
فرانک هۆگربیتس، توێژەر و زانای بواری بوومەلەرزەزانی پەیامێکی لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی "وێرانکەر" دا.
بەپێی پێشبینیى ئەو زانایە، لەنێوان 27 و 28ـى ئەم مانگەدا کە ئەمڕۆ و سبەی دەکات، بومەلەرزەیەکى بەهێز دورگەى تایوان و دەوروبەرى دەهەژێنێت.
لە پێشبینییەکەیدا ئەو زانایە دەڵێت: "گۆڕانکاریی لە جوڵەى بومەلەرزەکان بەپێی ئەندازیاریی هەسارەکان و مانگ ڕوویداوە، گۆڕانکارییەکان ئاماژە بۆ بوونى چەند گروپێکى چڕى بومەلەرزە دەکەن لە ناوچەى تایوان".
مانگى رابردو، بومەلەزەیەکى بەهێز بە گوڕى 7.4 دورگەکانى تایوانى هەژاند کە بەدوایدا 11 پاشلەرزەى لەگەڵدابوو، بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 800 کەسی دیکەیش برینداربوون و هۆشداریى لە دروستبونى تسونامى لە ناوچەکە درا.
فرانک هۆگربیتس، پێشتر پێشبینیى بۆ ڕوودانى چەند بومەلەرزەیەک کردبوو لەنێویاندا بومەلەرزە بەهێزەکەى باکورى کوردستان، تورکیا، رۆژئاواى کوردستان و سوریا.