چاڤی بۆ مانەوەی لە بارسێلۆنا داوای ئەستێرەیەکی کردووە

٢٥ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

چاڤی لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و مانەوەی لە یانەکە، باسی لە ئەنجامدانی گرێبەستێک کردووە.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ چاڤی هێرناندێز، بەڕێوەبەری تەکنیکی یانەکە ئەنجامداوە، بە ئامادەبوونی دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە.

هاوکات، ڕامۆن سالمۆری، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی رادیۆ کەتەلۆنی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی: "چاڤی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی چوارشەممە، لەگەڵ لاپۆرتا لەسەر چارەنووسی لە داهاتودا، داوای کردووە گرێبەست لەگەڵ بێرناردۆ سیلڤای ئەستێرەی مانچستەر سیتی بکەن، هەروەها لەگەڵ دیکۆ تاوتوێی ئەو بابەتەی کردووە و پێشبینی دەکرێت داواکراییەکەی جێبەجێبکرێت لەلایەن بارسێلۆناوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەندێک لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردبوو، سیلڤا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پەیوەندی کردن بەیانەی بارسێلۆناوە لە جیاتی ڕیاڵ مەدرید، چونکە پێی وایە لە پێکهاتەی یانە مێرنگێ جێگای نابێتەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، سیلڤا ئامادەیە بەشێک لە مووچەکەی بکاتە قوربانی لە پێناو ئەوەی هاوینی داهاتوو پەیوەندی بکات بە بارسێلۆناوە.

بێرناردۆ سیلڤای پرتوگالی بڕگەی ئازادکردنی گرێبەستەکەی 58 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام سیتی لەوانەیە دانوستان لەسەر ئەم نرخە بکات ئەگەر یاریزانەکە ئاگاداریان بکاتەوە کە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات.