لە بارسێلۆنا دووبەرەکی دروست بووە لەسەر چاڤی

٢٤ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئیدارەی بارسێلۆنا کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجام داوە و چەند بابەتێکی گەرمی تاوتوێ کردووە، لەوانە چارەنووسی چاڤی هێرناندێز، ڕاهێنەری تیپەکە.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، لەهەواڵێکیدا ڕاگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەی بارسێلۆنا کۆبوونەوەکی دەستیپێکردووە، تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوابڕیاری یەکلاییکردنەوەی داهاتووی چاڤی، لە دیدارێکی تایبەتی نێوان سەرۆک و ڕاهێنەرەکە دەبێت.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەم کۆبوونەوە چارەنووسسازەی نێوان سەرۆک و ڕاهێنەر لەم هەفتەیەدا ئەنجام نادرێت، هەرچەندە چاڤی لەم چەند ڕۆژەدا لەگەڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی قسە دەکات، بۆ تاوتوێکردنی بەردەوامی و پلانی بۆ وەرزی داهاتوو.

سپۆرت زانیویەتی، ئەمڕۆ ئیدارەی بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە چاڤی نادات، بەتایبەتی کە دووبەرەکی لە نێوان ئەندامەکاندا هەیە لەسەر بەردەوامبوونی.

چاڤی لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی وەرز لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام نابێت، بەڵام دوای یاری ئیل کلاسیکۆ بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید چاڤی سەرپشت کراوە بۆ مانەوە.