ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی موچەی مانگی چوار گفتوگۆ دەکات

٢٤ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى ئەنجامدەدات و یەکێکیش لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسى موچەى مانگى نیسان-ى فەرمانبەران و ئاسانکاریی بۆ دانەوەى پێشینە بانکییەکانى هاوڵاتییان.

بەپێی کارنامەى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 10:00 بەڕێوەبچێت، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و شاندى دانوستانکار راپۆرتى هاوبەشى وەزارەت و شاندەکە دەخەنەڕوو تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ موچەى مانگى چوارى فەرمانبەران و جێبەجێکردنى پابەندییەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر لە بوارەکانى داهات و بەبانکیکردنى موچەى فەرمانبەران.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پێشنیار دەکرێت بۆ ئاسانکاریی گەڕاندنەوەى پێشینەکانى بانکە پسپۆڕییەکانى هاوڵاتییان وەک پێشینەکانى (خانوبەرە، کشتوکاڵ، نیشتەجێبون، پیشەسازیی و گەشتوگوزار و هاوسەرگیری).

هەر لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر چەند پرسێکى دیکە ئەنجام دەدرێت.