بەلەمێک بە 110 کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت

٢٣ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەلەمێک بە 110 کۆچبەرەوە لە نۆکەندى ئینگلیز ژێرئاو کەوت و تائێستا مردنى پێنج کۆچبەر کە لەنێویاندا منداڵ هەیە پشتڕاستکراوەتەوە.

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەلەمێکى قەبارە بچوک کە 110 کۆچبەرى هەڵگرتبوو، لە فەرەنساوە هەوڵى پەڕینەوەیانداوە و ژێرئاو کەوتوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاسایشى کەناراوەکانى فەرەنسا تائێستا تەرمى سێ پیاو، ژنێک و منداڵێکیان دۆزیوەتەوە و گەڕان بەدواى قوربانییەکانى دیکە و ڕزگارکردنى کۆچبەرانیش بەردەوامە.

ئاسایشى کەناراوەکانى فەرەنسا بۆ رۆیتەرز دواوە و ڕایگەیاندووە، بەلەمەکە پێش ئەوەى ژێرئاو بکەوێت، جارێک لە دەریاکە گیریی خواردووە، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و بەردەوام بووە لە پەڕاندنەوەى کۆچبەران و دواتر پێدەچێت بەهۆى قەرەباڵغیى زۆرى بەلەمەکەوە، ژێرئاوکەوتنەکە ڕوویدابێت.

جێی باسە، تائێستا ژمارەى قوربانییان، ڕزگارکراوان و ناسنامەى ئەو کۆچبەرانە ڕوون نین، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز پێدەچێت زیاتر لە 20 کۆچبەر ڕزگار کرابن.