٢٠ نيسانی ٢٠٢٤
قائیمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، گەنجێک بە هەڵە لەلایەن هاوڕێیەکییەوە کوژراوە و هیچ پەیوەندیی بە یاریی کڵاوێنەوە نەبووە.
رەمک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی گەنجێک لەسەر یاریی کڵاوێن، ڕایگەیاند: "راستە ئەو دووکەسە یاری کڵاوێنیان کردووە، بەڵام کوشتنەکە پەیوەندیی بە یارییەکەوە نەبووە. دوای یارییەکە دەستکاریی دەمانچەیان کردووە و بە هەڵە گوللە بەر یەکێکیان کەوتووە".
بە وتەی قائیمقامی چەمچەماڵ، هەردوو کەسەکە هاوڕێی یەکدین و "هیچ کێشەیەکی" کۆن و نوێیان نەبووە تاوەکو تەقە لە یەک بکەن.
تۆمەتباری رووداوەکە دوای بریندارکردنی هاوڕێکەی، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و بەگوێرەی بڕگەی 31 لە مادەی 405ـی یاسای سزادانی عێراقیی بە بڕیاری دادوەر بەند کراوە.
شەوی پێنجشەممە دوو کەس کە هاوڕێی یەکبوون لە قەزای چەمچەماڵ دوای ماوەیەک یاریکردنی کڵاوێن، یەکێکیان بە گوللە ئەوی دیکە بە سەختی بریندار دەکات و دواتر گیان لەدەستدەدات. هەواڵەکە بەشێوەیەک بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە بەهۆی یارییەکەوە یەکێکیان کوژراوە.
