هەڵوێستی دادگای فیدراڵی لەبارەی سێ موچە فەوتاوەکەی ساڵی ڕابردووی هەرێم ئاشکراکرا

٢٠ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی یەکلاییکردنەوەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم، لە تایبەتمەندیی دادگای فیدراڵیدا نییە.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵیمان کرد و پێی ڕاگەیاندین بابەتی یەکلایی کردنەوەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی مووچەخۆرانی هەرێم لە تایبەتمەندی دادگای فیدڕاڵیی عێراقدا نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆکی دادگاکە ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕوونە، کە دەبێت مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە دابەشبکرێت، کە ناوی چواری، پلەی وەزیفی، بڕی مووچەکەی لە بانکێکی عێراق جێگیرکرابێت، دواتر خۆی دەتوانێت بە هەر شێوەک بێت وەریبگرێت.

موسەننا ئەمین ئەوەشی ئاشکراکرد: "وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا کردووە، داوایکردووە کە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچە زانیاری مووچەخۆران ڕەوانەی بەغدا بکەن".

تائێستا موچەخۆرانی هەرێم، موچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، هیچ دەنگێک لە حکومەتی کاربەڕێکەرەوە نییە سەبارەت بە دانەوەی موچەی ئەو سێ مانگە بە فەرمانبەران.