بۆ تەوتینکردنی مووچەی هەرێم هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین دەکرێنەوە

١٩ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، تەوتینی مووچە لە هەرێم بە ئاسانی دەکرێت، دەشڵێت: "کردنەوەی لقی دوو بانکی ناوبراو پێویستیان بە هەماهەنگی تەنها وەزارەتی دارایی عێراق و تۆماری خانووبەرە هەیە".

بەمەبەستی کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان، د. بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرانی هەردوو بانک دەکات و لە ئەنجامی کۆبونەوەکان ڕێگاکانی کردنەوەی هەردوو لق دەخاتە ڕوو.

د. بریار ڕەشید لەوبایەوە وتی: "سەردانی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینمان کرد بەمەبەستی کردنەوەی لقی هەردوو بانک لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی هەردوو بانک بەڕێزان د. عەلی کەریم و محەمەد سەمیر کۆبوینەوە".

سەبارەت بەوەی تەوتین چۆن دەکرێت؟ ناوبراو ئاشکرایکرد: "لە دەرئەنجامی هەردوو کۆبونەوە و بەدواداچونەکانمان بەم شێوەیە بوو بۆ ئەنجامدانی توتین بۆ هاوڵاتییانی هەرێم ڕاستەوخۆ تەنها بە ناردنی ـ ناوی چواری کەسەکە، ناوی سیانی دایک، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، کە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، بانکەکان دەتوانن تەوتین بکەن، واتە پێویستی بە هاتنی هاوڵاتییان خۆیان نییە".

د. بڕیار وتیشی: "دواتریش لە ڕێگەی فەرمانگـەکانیانەوە کارتەکانیان بۆ دەنێردرێتەوە و هاوڵاتییان لە هەر ئامێرێکی ( ATM ) یاخود دەروازیەکی پارەدارکردن ئەتوانن موچەکانیان ڕابکێشن، هاوکات کردنەوەی لقەکانی بانکەکان بۆ کارئاسانی زیاتر و سودمەندبوونی هاوڵاتییانە لە خزمەتگوزارییەکان وەک قەرز بۆ کڕین یان دروستکردنی خانوو یان قەرز بۆ پرۆژەی جۆراو جۆر و تەواوی خزمەتگوزاریەکانی تر".

"کردنەوەی لقی دوو بانکی ناوبراو پێویستیان بە هەماهەنگی تەنها وەزارەتی دارایی عێراق و تۆماری خانووبەرە هەیە، چونکە لاینەکانی تر وەک و وەزارەتی دارای عێراق و بانکەکان و بانکی ناوەندی هەموو ئامادەییان تێدایە"، د. بڕیار وای وت.

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە موڵکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید کە لەلایەن حکومەتی هەرێم بەکاردێت و بۆ دام و دەزگای تر، بەڵام ئەمە بابەتێکی سەرەکی نییە و ڕێگرییەکی ڕاستی نییە لە کردنەوەی ئەو فەرعانە و ئەو موڵکانە مەرج نییە بگەڕێندرێتەوە و مەرج نییە بەتەواوی قەرەبوو بکرێتەوە بۆ ئەو دوو بانکە، تەنها لە سەرەتادا مادام خۆیان موڵکیان هەبووە و هەیە، ئەرکە لەسەر حکومەت کە موڵک (بینا)یان بۆ دابین بکات، و ئەو بینانە ڕووبەری گەورەی پێوسیت نییە. بەڵکو تەنها لە ڕووبەری 150-200 مەتر دەتوانن فەرعەکانیان بکەنەوە.

د. بڕیار ڕەشید جەختیشیکردەوە: "ئەوەی کە ئەو دوو بانکە چاوەڕوانن کۆبونەوەی هاوبەش و دروست کردنی لیژنەی هاوبەش بۆ دەستکردنی بە هەنگاوی کرداری، حکومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاری بەدواداچون و هەماهەنگی بۆ ئەم پرسە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بانکی ڕافیدەین و ڕەشید هەردووکی خاوەنی ئاپلیکەیشنی خۆیانن و هەموو ئەو تازەگەریانەی لە بانکی ئەهلیدا هەیە بۆ بەکارهێنەر لە شێوازی بەکارهێنان و ناردنی پارە لە ڕێگەی مۆبایلەوە و کڕین و هتد… لەم دوو بانکەشدا هەیە.