لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە هەواڵێکی دڵخۆشکەر گەیشت

١٩ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هیچ مەترسییەك لەسەر نەناردن و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەماوە، ناوبراو دەشڵێت: "بابەتی ناردنی پارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم جیاكراوەتەوە و ئەگەریش نەوت هەناردەنەكرێت پارەی مووچەی فەرمانبەران هەر ڕەوانەدەكرێت.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: "بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پرسی مووچە بەتەواوی لە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان جیاكراوەتەوە، ئەگەر نەوت هەناردە نەكرێتەوە، حكومەتی عێراق مووچەی هەرێمی كوردستان ڕاناگرێت، بەڵام كۆی داهاتی نێوخۆی لێ دەردەكرێت، بەڵام بۆئەوەی گەرەنتی زیاتر بكرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوا پێویستە لە هەمواری پرۆژەیاسای بودجەدا بابەتەكە گەرەنتی بكرێت".

نەرمین مەعروف ئاشکراشیکرد: "حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەسەر ئەوە رێككەوتوون تاوەكو كۆتایهاتنی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لیستی ناوی هێزە ئەمنییەكان بە كۆد بنێردرێتە وەزارەتی دارایی عێراق، هاوكات بابەتی هەژماری من وەزارەتی دارایی عێراق داوای ڕوونكردنەوەی لە دادگای فیدراڵی كردووە بۆ ئەوەی بزانن دابەشكردنی مووچە لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من ڕێگەپێدراو دەبێت یاخودنا".

ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لیستەكە ئامادە بكرێت دوای پڕۆسەی وردبینی بەغدا پارەی پلەبەرزكردنەوەش دەنێرێت.