مەسعود بارزانی: هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەدرێت

١٦ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێشوازی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ڕایگەیاند، گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان.

ئەمڕۆ سێ شەممە، مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریك دوریل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە.

ئەوەشی خستەڕوو، كە فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن و وتیشی، “وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان”.

بارزانی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی بە مافێكی سروشتی خەڵكی كوردستان لە قەڵەمدا و وتی، “بە هیچ شێوەیەك نابێت بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێندرێت”.

ڕاشیگەیاند: “گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتین لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان".

لەبارەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیشەوە، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بكەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەكنیكی.