جۆ بایدن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

١٦ نيسانی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

کۆشکی سپی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە و بەپێی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بایدن "پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد لە هەرێم".

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاشکرا کرد و رایگەیاند سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بایدن باسی مووچە و هەڵبژاردنەکانی کرد.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە "جۆ بایدن و سوودانی روانینی خۆیان لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکیی سەقامگیری و گەشانەوەی عێراق خستەڕوو".

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا ''دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە درێژخایەنانەی هەن، لەنێویاندا رێککەوتنی ئەو دواییانە بۆ پێدانی دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی بەمشێوەیەیە: "هاندەرە بۆ ئەوەی ئەو هەوڵانە بەردەوام بن".

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان "بایدن پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە عێراق لەنێویاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفافانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق".