ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی: قوربانیکردن لە ڕۆژانی جەژندا نەریتێکی بتپەرستییە

٦ تەمموزی ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی دەڵێت، "قوربانیکردن لە ڕۆژانی جەژندا نەریتێکی بتپەرستییە، قوربانی و سەربڕینی ئاژەڵ هیچ تاوانێک ناسڕێتەوە."

یونس ڕاویی، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، دەشڵێت، "خودا بە هیچ جۆرێک فەرمانی بە قوربانیی نەکردووە، خودا گۆشت و خوێنی ئاژەڵی ناوێت."

دەقی نووسینەکەی:

قوربانیکردن وەک نەریتێکی بتپەرستی

خوێنى ئاژەڵان تاوانەکان ناسڕنەوە، کەسێک مافى خەڵکى خواردووە، سنوورى ئازادى ئەوانى دیکەی بەزاندووە، نغرۆى درۆ و دووفاقییە، دەیەوێت لە رێگاى سەربڕینى ئاژەڵان پاکانە بۆ پێشینە تاوانەکانى بکات! مەگەر ئەو نازانێ خودا زۆر لەوە گەورەترە خوێن و گۆشتى ئاژەڵانى لە مرۆڤ گەرەک بێت. قورئان لە سورەتى (ئەلحەج) ئایەتى "٣٧" دەفەرموێت "لن ینال الله لحومها ولا دماؤها ولکن یناله التقوى منکم.." واتە "قەت گۆشت و خوێن ناگات بە خودا، بەڵام خۆپارێزى ئێوەى پێدەگات.." سا خودا بە هیچ جۆرێک فەرمانى بە قوربانیکردن نەکردووە. ئەو فەرموودانەیش کە باس لە پایە و گەورەیى قوربانى دەکات، سەرلەبەریان پیشەسازى ئەمەوى عەباسین، بوهتانن بۆ زاتى پەیامهێن، تەنیا ئامانجیان بوژاندنەوەیە لە بازاڕی نیخاسەدا.