١ نيسانی ٢٠٢٤
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم وەزارەت و فەرمانگەکان ئاگاداردەکاتەوە، "بڕی پارەی مووچەی مانگی 2ی 2024، کە لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە، ڕێژەی 7%ی خانەنشینی و باج، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕدراوە".
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا، کە دوێنێ یەکشەممە، 31ـی 3ـی 2024 دەرچووە و بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان نێردراوە، ڕوونکردنەوەی لەبارەی ڕێژەی لێبڕینی خانەنشین و باج لە مووچەی فەرمانبەران داوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئاگادارتان دەکەینەوە، بڕی پارەی مووچەی مانگی 2ی 2024، کە لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە ڕێژەی 7%ی خانەنشینی و باج، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕدراوە و بە داهاتی کۆتایی تۆماریان کردووە".
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە: "دەبێت سەرجەم گەنجینەکان و ئەو فەرمانگانەی کە سیستەمی ژمێریاریی نامەڵبەندی پەیڕەو دەکەن، لێبڕین لەو دوو ڕێژەیه نەکەن، چونكە پێشوەختە لە هەرێمی کوردستانی بڕدراوە".