لە ڕیزبەندی دڵخۆشترین وڵاتەکانی جیهان فینلەندا یەکەمە; عێراق لە پلەی چەندەمدایە؟

٢٠ ئازاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕیزبەندی دڵخۆشترین وڵاتەکانی جیهانی بڵاوکرایەوە و بۆ ساڵی حەوتەم لەسەر یەک فینلەندا وەک دڵخۆشترین وڵات لە پلەی یەکەمدایە، عێراقیش لە پێش هەریەک لە ئێران و تورکیاوەیە.

ڕاپۆرتەکە ساڵانە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدەدرێت، وڵاتانی ئەسکەندەنافیا ڕیزبەندی یەکەمەکانی لیستەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەجۆرێک دوای فینلەندا وڵاتی دانیمارک لە پلەی دووەمدایە و دواتریش ئایسلەندا و سوید.

لە ڕیزبەندییەکەدا 143 وڵات پۆلێنکراون، ئەفغانستان لە پلەی کۆتایدایە، ئەویش بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە مرۆییەکان لەو کاتەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر حوکم و هێزەکانی ئەمریکاش کشانەوە، لوبنانیش لە پێش کۆتاییدا دێت.

هەریەک لە وڵاتەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیاش لە 20 پلەی یەکەمدا نابینرێن، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە دوای 10 ساڵ.

وڵاتی کوەیت لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی یەکەمدایە و لە پلەی سیانزەیەمین وڵاتدایە بۆ دڵخۆشترین وڵاتی جیهان.

هاوکات، عێراق لە ڕیزبەندی 98ـەمینی لیستەکەدایە بۆ دڵخۆشترین وڵاتەکانی جیهان و پێش هەریەک لە وڵاتەکانی مەغریب، ئێران، تورکیا، تونس و چەندین وڵاتی دیکە کەوتووە.