ڕێبوار ئەوڕەحمان: خۆمان بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەو ستەمەی لە مامۆستا و فەرمانبەران دەکرێت

١٧ ئازاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە دزراوە و ئەرکی نەوەی نوێیە سکاڵا تۆمار بکات. دەشڵێت، "خۆمان بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەو ستەمەی لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت بۆیە سکاڵامان لە دادگای کەرخ تۆمار کردووە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێبوار ئەورەحمان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، بەغدا داوای لیستی فەرمانبەرانی کردووە و هەرێم لیستەکەی بە تەواو نەکراویی ناردووە، تاوەکو ئێستاش لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەنێردراون بۆ بەغدا.

ئەوەشی خستە ڕوو، هاوڵاتیانی هەرێم لە 10ـی مانگی حوزەیران بە دەنگێک دەتوانن کۆتایی بەم ستەم و چیرۆکە تراژیدییە بهێنن، چونکە خاڵی سەرەکی لەگۆڕانکاری ڕیشەییدا بەشداریکردنی هاوڵاتیانە لە دەنگداندا.

ڕاشیگەیاند، تاکە چەکێک بەدەست پارتی و یەکێتییەوە مابێت، بێ ئومێدکردنی خەڵکە و دواکەوتن و نەدانی مووچە شکستی حکومڕانی پارتی و یەکێتییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێستی پارتی و یەکێتی زۆر لاوازە، چونکە ڕێزیان لە مووچەخۆر و هاوڵاتیانی هەرێم نەگرتووە.

وتیشی، "وەزیری دارایی عێراق داوایکردوە فەرمانبەرانی هەرێم لەبانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین مووچە وەربگرن و وتوویەتی ئەگەر هەرێم لە پڕۆژەی هەژماری من پاشەکشە نەکات بەغداش تەمویلی وەزارەتەکان ناکات".

ئەمە لە کاتێکدایە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ دژی پێنەدانی مووچەی مووچەخۆران و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی سەبارەت بە مووچە، سکاڵای دژی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد.