زانا هۆڵەندییەکە هۆشداریی لە بوومەلەرزەیەکی "وێرانکەر" دەدات

١٢ ئازاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

فرانک هۆگربیتس، زانای بەناوبانگی هۆڵەندی هۆشداری دەدات کە نزیکبوونەوە و جووتبوونی ژمارەیەک هەسارە لە ڕۆژانی نێوان 13-17ی ئەم مانگە، ڕەنگە بوومەلەرزەی "وێرانکەر" بە گوڕی هەشت پلەی ڕێختەر دروستبکات.

فرانک هۆگربیتس، توێژەر و زانای بواری بوومەلەرزەزانی پەیامێکی لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی "وێرانکەر" دا.

هۆگربیتس باسی لەوەکردووە، دوای 14 ساڵ، جارێکی دیکە خۆر و موشتەری و ئۆرانۆس جووتدەبن و ئەمجارە بەهۆی عەتارد و زوهرەوە، چوار جووتبوونی دیکە ڕوودەدەن، ئەمەش مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کە بوومەلەرزەی بەهێز ڕووبدات کە گوڕەکەی بگاتە هەشت پلە بە پێوەری ڕێختەر.

ئەو زانایە ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت ئەو جووتبوونەی هەسارەکان بە تایبەتیش لە ئەمڕۆ و سبەینێدا، دۆخێکی هەستیار لەسەر زەوی دروستبکات و ببێتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزە.

بەپێی پەیامەکەی فرانک هۆگربیتس، لە چوارشەممەوە تا سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممە، مانگ لەگەڵ موشتەری و ئۆرانۆس جووت دەبێت و ڕۆژانی 14، 15 و 16ی ئەم مانگە، یەکلاکەرەوە دەبن بۆ ڕوودانی ئەو دۆخە هەستیارە، بەڵام کاریگەریی بوومەلەرزەکە دەگاتە نزیکەی 17ی مانگ.

زاناکە لە پەیامەکەیدا ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە، کە ساڵی 2004، کاتێک خۆر، زوهرە و مەریخ جووتبوون، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.3ی ڕێختەر لە کەناراوەکانی دورگەی سۆمەترە ڕوویدا.

جێی باسە، فرانک هۆگربیتس چەند ڕۆژێک پێش ڕوودانی بوومەلەرزە بەهێزەکەی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردووی تورکیا، پێشبینیی ئەو ڕووداوەی کردبوو، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە.