دەرمانێکی نوێ بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە دۆزرایەوە

٦ ئازاری ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

خزمەتگوزاریی نیشتمانیی تەندروستیی ئینگلتەرا ڕایگەیاند، دەرمانێکی نوێیان بەرهەمهێناوە کە پەرەسەندنی شێرپەنجەی منداڵدان لە ژناندا هێواش دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، خزمەتگوزاریی نیشتمانیی تەندروستیی ئینگلتەرا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەرمانێکیان بەرهەمهێناوە بۆ باشترکردنی ژیانی سەدان ژنی تووشبوو بە شێرپەنجەی منداڵدان و پەرەسەندنی شێرپەنجەی منداڵدان لە ژناندا هێواش بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەرمانەکە ناوی "دۆستارلیماب"ـە و بە ناوی مارکەی "جێمپەرلی" بڵاودەکرێتەوە، لەگەڵ ژەمە چارەسەری کیمیاییدا دەدرێت بەو ژنانەی توشبووی ئەو جۆرە شێرپەنجەیەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: "دەرمانەکە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هەندێک پرۆتین بۆ سەر ڕووی خانە شێرپەنجەییەکان و دەبێتە هۆی ئەوەی سیستمی بەرگری بەهێز بکات و کاریگەریی خانە شێرپەنجەییەکە کەمببێتەوە".

شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان، جۆرێکە لە شێرپەنجە کە لە منداڵدانی ئافرەتدا دەستپێدەکات، بە چوارەم باوترین جۆری شێرپەنجە لە خانماندا دادەنرێت و بە گشتی خانمانی سەرو 55 ساڵ تووشی دەبن.