ئێمباپێ، پەیامێکی بۆ ڕیاڵ مەدرید نارد

١٧ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، یانەی ڕیاڵ مەدریدی لە بڕیارێکی گرنگ سەبارەت بە داهاتووی خۆی ئاگادارکردووەتەوە.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، ئێمباپێ یانەی ڕیاڵ مەدریدی لە بڕیاری جێهێشتنی پاریس سانجێرمان ئاگادار کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمباپێ سێشەممەی ڕابردوو پاریس و ڕیاڵ مەدریدی ئاگادارکردۆتەوە، هەرچەندە تا ڕۆژی پێنجشەممە بڕیارەکەی بڵاونەکردەوە.

ڕوونیشیکردەوە، کارەکەی ئێمباپێ لە ئاگادارکردنەوەی پاریس و ڕیاڵ مەدرید لە بڕیاری کۆتایی، لەلایەن بەرپرسانی مێرێنگیەوە زۆر بەرز نرخێندراوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەم هەواڵەیان دەکرد.

هاوکات، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئێمباپێ ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر بڕیاری یاریکردنی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید داوە. نامەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی ڕابردوودا هەنگاوی یەکەم و گرنگ بوو لەلایەن یاریزانەکەوە، بەڵام هێشتا وردەکاری ماوە کە لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان خۆسێ ئەنخێل سانچێز و فایزا عەماری دایکی یاریزانەکە و بریکاری کارەکان یەکلایی بکرێنەوە .

ئێمباپێ تێگەیشت کە لە ڕیاڵ مەدرید هەمان مووچەی پاریس وەرناگرێت و ئەمەی قبوڵ کرد بۆ ئەوەی هاوسەنگی دارایی یانەی شاهانە تێک نەدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێنج شەممەی ڕابردوو، زۆرێک لە هەواڵەکان باسیان لەوە کرد کە ئێمباپێ بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئیدارەی پاریسی ئاگادارکردۆتەوە کە بەردەوام نابێت لەگەڵ یانەکە و لە هاویندا بە خۆڕایی دەڕوات.