بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی تەقینی بۆیلەرەوە بووە

١٧ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەشێکی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگر کەوتەوە. وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، هۆکارەکە تەقینی بۆیلەری ئاو و بوتڵی ‌گاز بووە.

موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، "کاتژمێر 12:50ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاگرەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاگادار کراینەوە و دوای ماوەیەکی کەم تیمەکانمان کۆنترۆڵیان کرد".

کاروان میراودەلی وتی، "ئەو شوێنەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، چێشتخانە بووە و زیانە مادییەکانی لەنێوان 20 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دیناردایە".

لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەشەوە وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر وتی، "بۆیلەر (گیزەر)ـی ئاو گەرمکردن تەقیوە؛ لەو شوێنە بوتڵێکی گازیش هەبووە و کارلێکیان کردووە و ئەویش تەقیوەتەوە و تەشەنەی بە ئاگرەکە داوە".