پۆلیسی ئیسرائیل: مامۆستایەکی ئیسرائیلیمان دەستگیرکرد کە کاری بۆ حەماس کردووە

١٣ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکە ڕایانگەیاند، مامۆستایەکی خەڵکی باکوری ئیسرائیلیان دەستگیرکردووە کە "شوێنی دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی بۆ گروپی حەماس دەستنیشانکردووە تا لەڕێگه‌ی موشەکەوە بەئامانجی بگرێت".

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، مامۆستایەکیان بەناوی "ڕامی حەبیبوڵڵا" دەستگیرکردووە کە خەڵکی شارۆچکەی (عەین ماهیل)ـی نزیک شاری ناسڕەی باکوری ئیسرائیلە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکە؛ کە بە "شاباک" ناسراوە، بەو ئەنجامە گەیشتون کە "لەژێر ڕۆشنایی ململانێکانی غەززە، حەبیبوڵڵا بڕیاریداوە پەیوەندی بە حەماسەوە بکات، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجانەی ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت لەناوخۆی ئیسرائیلدا، بەئامانجیان بگرێت".

هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە زانیاریی زیاتریان خستووەتەڕوو و ئەوەیان ئاشکراکردووە، حەبیبوڵڵا وێنەی کارگەیەکی پیشەسازیی بەرگریی لەنزیک ماڵەکەی خۆی بۆ چالاکوانێکی گروپی حەماس گرتووه‌ و شوێنی کارگەکەی بەوردی دیاریکردووە، بۆئەوەی حەماس موشەکی ئاراستە بکات، هەروەها پارەی بۆ گروپەکە دابینکردووە و زانیاریی لەسەر چەندین پێگەی هەستیار بە حەماس داوە.