دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر دەستگیرکردنی "کوێخا دێرین" هاتەدەنگ

١٢ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی 29 لەسەر 30ـی 1، لە سلێمانی تەقە لە سەرمایەدارێک کراوە و دوای ئەوەی تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، دانی بەوەداناوە کە "تۆمەتبارێکی دیکە هاوکاریی کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای (کوێخا دێرین)". دەشڵێت، "ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە".

ئەمڕۆ دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی دێرین ئەحمەد محەمەد، ناسراو بە "کوێخا دێرین"، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی هێزەکانمان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی 30ـی 1ـی 2024، بەپێی مادەی 405 - 31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیرکرا.

‏‎دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای ( دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە.

‏‎پاشان رۆژی 5ـی 2ـی 2024، تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاری کردووە دەستگیرکرا.

‏‎ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بە پێی مادەی 405 - 31ـی لە یاسای سزادانی عیراقی کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی .

هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.