ناتانیاهو بەڵێنێک بە دەیان هەزار دانیشتووی غەززە دەدات

١٢ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی "ڕێڕەوێکی پارێزراو" دەدات بە دەیان هەزاران فەڵەستینیی دانیشتووی شاری ڕەفەح-ی باشووری غەززە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی هێرشە زەمینییەکەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر شارەکە دژی چەکدارانی حەماس.

بێنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ئەی بی سی)ـی ئەمریکی، جەختی لە نیازەکانی کردەوە بۆ فەرمانکردن بە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر چوار فەوجی حەماس لە ڕەفەح.

وتیشی، سەرکەوتن بەسەر حەماسدا لە غەززە ڕوونادات، بەبێ پاککردنەوەی حەماس لە ڕەفەح-ی سەر سنووری میسڕ.

زیاتر لە نیوەی دانیشتووانە 2.3 ملیۆنییەکەی غەززە، بەرەو ڕەفەح ئاوارەبوون و لە پەناگە قەرەباڵغەکاندا گیرییان خواردووە؛ بەڵام ناتانیاهو هەڕەشە لە چەکدارانی حەماس دەکات و دەڵێت: "ئەنجامی دەدەین. ئەنجامی دەدەین و لە هەمان کاتیشدا ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ دانیشتوانی سڤیل دابین دەکەین تاوەکو بتوانن ئەوێ بەجێبهێڵن".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو هەموو هاوڵاتییە فەڵەستینییانەی کە لە خێمەکاندان لە ڕەفەح بۆ کوێ دەچن؟ ناتانیاهو وتی، بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ ئەم بابەتە، کار لەسەر پلانێکی ورد دەکەن.