کۆڵبەرێکی گەنج بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا
١٢ شوباتی ٢٠٢٤
بڵاویبکەرەوە لە
کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کرایە ئامانج و کوژرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی یەکشەممە کۆڵبەرێکی تەمەن 20 ساڵی خەڵکی بانە بە ناوی سەیوان سەحیحی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
ڕوونیشیکردەوە کە سەیوان سەحیحی خەڵکی گوندی “بلەکە” بووە و تەرمەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2023دا لانیکەم 22 کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و 116 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.