بەشێک لە هاوڵاتییانی گەڕەکی پەنجا عەلی دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان گردبوونەوە

١٠ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەشێک لە هاوڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکی پەنجاعەلی لە کەرکوک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و کێشەکانی پەیوەست بە ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و قیرتاونەکردنی کۆڵانەکانیانەوە گردبوونەوە.

ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە هاوڵاتییانی گەڕەکی پەنجا گردبوونەوە و رایانگەیاند، عەلی ماوەی چەند ساڵە گەڕەکەکەیان هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین نەکراوە و سەرەڕای ئەوەی کە کێشەکانیان بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە لەلایەن پارێزگاری کەرکوکەوە پارەیەکی زیادەشیان لێوەردەگیرێت.

ئاماژەیان بەوەش کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا پشکنینیان لە تاقیگەیەک بۆ ئاوی گەڕەکەکە کردووە و دەرکەوتووە کە شیاوی خواردنەوە نییە و جگە لەوەی کە پارەی ئاویش دەدەن پارەی ئاوەڕۆشیان لێوەردەگیرێت کە هیچ ئاوەڕۆیەکیشیان نییە لە گەڕەکەکەدا.

باسیان لەوەش کرد، کێشەکانی خۆڵ و خاشاکیش تادێت روو لە زیادبوون دەکات و مانگانە دووجار پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دەدەن کە جارێک حکومەت وەریدەگرێت و جارێکی دیکەش کۆمپانیاکان لێیان وەردەگرێت. دەشڵێن، "خۆمان بە ئەرکی خۆمان زبڵەکان کۆدەکەینەوە چونکە بەتەواوی لەلایەن حکومەت و کۆمپانیاکانەوە زبڵەکان کۆناکڕیتەوە".

هاوکات هاوڵاتییەکی دیکەش دەڵێت، بەهۆی بۆری ئاوەڕۆی گەڕەکەکەوە کە هیچ سەرقەباغێکی بۆ نەکراوە، ناتوانن هاتوجۆ بکەن بەهۆی هەبوونی بۆنیکی ناخۆشەوە جگە لەوەش کێشەی کارەبایان هەیە.

لەلایەکی تریشەوە نوێنەری ئەو هاوڵاتییانە دەڵێت، هیچ خزمەتگوزاریەک لێرەدا نەکراوە و زستانان ناتوانین هاتوچۆ بکەین بەهۆی قوڕەوە و تا ئێستاش چەندین بەڵینمان پێدراوە، بەڵام جێ بەجێ نەکراوە جگە لەوەی کە گەڕەکەکە تەنها یەک قوتابخانەشی هەیە ئەویش بنەڕەتیە.