٨ شوباتی ٢٠٢٤
بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی باشماخ ڕایگەیاند، لەئێستادا گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ وڵاتی ئێران ڕاگیراوە. دەشڵێت، هاتوچۆی بارهەڵگر و بازرگانی ڕانەگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی باشماخ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئاگاداری سەرجەم ئەو گەشتیارانە دەکەین کە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بکەن بۆ وڵاتی ئێران، لەئێستادا و لە بەرواری ئەمڕۆ 8ی شوبات، گەشتکردن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت تاوەکو ڕۆژی 12ی شوبات ڕاگیراوە".
لەبارەی هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت، گومرگی باشماخ ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکارەکەی "دەگەڕێتەوە بۆ یادی 22ی بەهمەن کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی چوار ڕۆژ پشووی فەرمییە".
باسی لەوەشکردووە: "هاوکات گەشتکردنی بەبێ ئۆتۆمبێلی تایبەت ئاساییە و هاتووچۆی بارهەڵگر و بازرگانی ڕانەگیراوە و بەردەوام دەبێت".
جێی باسە، 22ی بەهمەن ڕۆژی سەرکەوتنی کودەتای ئێرانە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک مەراسیمی جیاواز لە وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچیت.