ژیاننامەی نەوید محەمەدزادە

٤ شوباتی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

نەوید محەممەدزادە لە 6ـی 4ـی ساڵی 1986 لە شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ئەکتەرێکی سینەما و شانۆی کوردە و لە ئێران نیشتەجێیە.

ڕۆڵەکەی لە فیلمی (من توڕە نیم)، ستایشی زۆرێک لە ڕەخنەگرانی سینەمای بەدەستهێنا تا ئەو ڕادەیەی کە زۆرینەیان بە شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی کریستاڵ سیمۆرگ بۆ باشترین ئەکتەر لە سی و دووهەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر زانی.

نەوید محەممەدزادە دووجار خەڵاتی کریستاڵ سیمۆرگی بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشتی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر و هەروەها پەیکەری باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی حافزی بەدەستهێناوە.

هاوکات لەگەڵ هۆتەن شەکیبە، یوسف باپیری، ئەشکان خێڵنەژاد و ئارمان کۆچەکی ئەندامی گرووپی "شانۆی نوێ"ـن.

نەوید محەممەدزادە هەروەها پێشینەی نمایشکردنی لە تەلەڤیزیۆنەکاندا هەیە و پێشکەشکاری ئەڵقەکانی بەرنامەی دۆستان بووە لە تۆڕی جام جام.

نەوید محەممەدزادە لە سی و چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە فیلمی (هەمیشە و یەک ڕۆژ)ـدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری پاڵپشتی کریستاڵ سیمۆرگی بەدەستهێنا، هەروەها لە شازدەهەمین فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمدا پەیکەری باشترین ئەکتەری پاڵپشتیی بەدەستهێنا.

جگە لەم خەڵاتانەی باسکران، ئەو ئەکتەرە کوردە دەیان خەڵاتی دیکەی گرنگی سینەمایی بەدەستهێناوە.

نەوید محەممەدزادە هەمیشە بە شێوازی جیاوازی جلوبەرگ و دەرکەوتنەکانی ناسراوە و ڕۆژنامەنووسان سەرنجی دەدەن، زۆرجار بە پانتۆڵی کورت یان کراسێکی ڕەنگاوڕەنگی نەخشدارەوە دەبینرێت.

ناوبراو لە مانگی تەمموزی ساڵی2021 هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەکتەر فریشتە حوسەینی ئەنجامدا.