هەوڵدەدرێت "پۆبجی" قەدەغەبکرێت

٣٠ کانونی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سکرتێری لیژنەی نیشتیمانیی ھێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت-ی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی پۆبجی و چەند جۆرێکی یارییە ئەلکترۆنییەکانەوە ساڵانە ملیارێک دۆلار لە عێراق دەچێتەدەرەوە، بۆیە ھەوڵدەدەن ئەو یارییانە قەدەغە بکەن.

عەمید مەنسورعەلی، سکرتێری لیژنەی نیشتیمانیی ھێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پۆبجی و ژمارەیەک یاری تری ئەلکترۆنی بوونەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ساڵانە ملیارێک دۆلار ببردرێتە دەرەوەی وڵات.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، جگە لە هۆکاری بردنەدەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، هاوکات ھاندان بۆ توندوتیژی و بەکارھێنانی چەک تێیاندا هۆکاری ترن بۆ قەدەغەکردنی ئەو یارییانە، کە بە وتەی ئەو "مەترسین لەسەر ئاسایشی وڵات".

عەمید مەنسورعەلی باسی لەوەشکردووە، لیژنەکەیان لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق کار دەکات بۆ قەدەغەکردن و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئەو یارییانە، یان دانانی ڕێکارێک کە نەبێتەھۆی تێکدانی ھەڵسوکەوتی گەنجان و ھاندانیان بۆ توندوتیژی.