فرۆشتنی گۆشتی سوور قەدەغەکرا

١١ کانونی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

قایمقامی هەولێر ڕایگه‌یاند، هەر کەسێک گۆشت لەسەر شەقام بفرۆشێت لەلایەن لیژنەکانەوە دەست بەسەر هەموو کەرەستەکانیدا دەگیرێت و خۆشی دەستگیر دەکرێت، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە گۆشتە هیچ مۆرێکی لێ نادرێت.

نەبەزعەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لیژنەکانی قایمقامیەت بەردەوام چاودێری ئەم حاڵەتانە دەکەن، هەر کەسێک گۆشت لەسەر شەقام بفرۆشێت لەلایەن لیژنەکانەوە دەست بەسەر هەموو کەرەستەکانیدا دەگیرێت و خۆشی دەستگیر دەکرێت.

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر ڕایگەیاند، هەر گۆشتێک کە لە بازاڕ دەفرۆشرێت، پێویستە لە کوشتارگەکانەوە بێتە دەرەوە و مۆری لێدرابێت، بەڵام ئەم جۆرە گۆشتە هیچ مۆرێکی لێ نەدراوە.

سەبارەت بە تەندروستبوونی گۆشتی سەر شەقام ئەوەشت خستووەتە ڕوو، ئەم گۆشتە یان ئەوەتا لە دەرەوە هێنراوە یانیش ئاژەڵی نەخۆشە.

دیاردەی فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقام چەندین ساڵە بوونی هەیە و هاوکات هاووڵاتییان نیگەرانن لە سەلامەتی و تەندروستبوونی ئەو گۆشتەی دەفرۆشرێت، بەڵام نرخەکەی هەرزانترە لەناو بازاڕ ئەمەش وایکردووە کەسانێک هەبن کە بیکڕن.